Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نووسەرانی کورد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/٢/١٠ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نووسەرانی کورد پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە:

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی نووسەرانی کورد

بەبۆنەی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نووسەرانی کورد، گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەم، هيوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم. بێگومان رێکخراوەکەتان رۆڵێکی دیار و کاریگەری لە بزاڤی ئەدەبی و رۆشنبیریی گەلی کوردستاندا هەبووە، بەتایبەتیش لەپاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردیدا. هەروەها رۆڵی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە داکۆکیکردن لە مافە دیموکراتی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستاندا لە یاد ناکرێ کە بە بەرهەمە بە نرخەکانی، خزمەتێکی زۆری بە بزووتنەوەی رووناکبیریی نەتەوەکەماندا کردووە.

ئومێدی پێشکەوتننتان بۆ دەخوازم و هیوادارم لە کاروانی پڕ پەخششتان لە پێناو خزمەتکردنی زمان و ئەدەبی کوردیدا بەردەوام بن.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٠/٢/١٠