سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەکات
![](/media/1701/pmbarzanireceviesspecialenvoyofgermanforeignminister_01.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132235796050000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، پێشوازی لە فیلیپ ئەکرمان بەرپرسی بەشی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، پەرەسەندنەکانی عێراق و ھەرێمی كوردستان وناوچەکە تاوتوێ کران. جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیدان بە هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش کرایەوە.
هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی عیراق و ناوچەکە و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی وچارەسەر کردنی بنەڕەتی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.