سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/١/٢٦ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی پێشمەرگە، ناوخۆ و دارایی و ئابووری ئامادە ببوون، پێداگریی لەسەر گرنگیی درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای چاکسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێشمەرگە ناسنامەی گەلی کوردستانە و قوربانیدانەکانی جێی شانازیی خەڵکی کوردستان و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بۆیە هەرچییەک لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگەی شایستە و راستەقینە دەکەین. بۆ پێشخستنی هێزی پێشمەرگەش پێویستە لەسەر بنەمایەکی زانستی و سەردەمیانە پێکهاتەکانی پێشمەرگە رێک بخرێتەوە.