سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کرد.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەیبوو، باردودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوتوێ کرا و جەخت لە سەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و نەهێشتنی گرژی لە ناوچە کرایەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە دەیەوێ گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدات و ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکات، هەروەها لە رێگەی ئاسانکاری پێویستەوە، پەرە بە وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی بدات.
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ستایشی سەقامگیریی ئاسایش و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی دەبڕی، لەمبارەیەوە گوتی دەرفەتێکی باش هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هاتنی وەبەرهێنەرە قەتەرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.