سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات
• عادل عەبدولمەهدی: دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا
• مەسرور بارزانی: جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی جیددی هەیە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی شەممە ٢٠٢٠/١/١١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرەکان ئامادەبوون، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە بنەمایەکی باشیان بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی داناوە و ئێستاش دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو دانیشتوانانی عێراق بێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی جیددی هەیە کە گرفتەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جیدیە بۆسەر تەواوی عێراق، بۆیە پێویستی بە هەماهەنگیەکی زیاتر هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە هاوکاری هێزی هاوپەیمانان.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە عێراق دووربێت لە ململانێی هەرێمی و دەرەکی و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بپارێزێت.