سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/١/٢٧ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد كە لە بەڕێزان مارکوس گروبەل و یورگن هاردت پەرلەمانتارانی ئەم وڵاتە پێکهاتبوو.
لە دیدارەکەدا، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دڵشاد بارزانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا و باربارا ڤۆلف کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، گفتوگۆ دەربارەی دوا پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد بۆ دەستپێکردنەوەی راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و، پێداگیریشی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەرەرنگاربوونەوەی تیرۆر کرد، بەتایبەتی کە داعش هێشتا لە چەند ناوچەیەکی عێراق مەترسییەکی جیددییە.
شاندی ئەڵمانی ئاماژەیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان کرد کە لە عێراق و ناوچەکەدا فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیرییە و ئامادەیی وڵاتەکەشیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێناندا پیشاندا.