سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فینلەندا دەکات
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٧/٢٣ مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پێکا هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلەندا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فینلەندا تاووتوێ کرا.
وەزیری دەرەی فینلەندا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی پێشمەرگە دەربڕی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. گوتیشی هانی وەبەرهێنەرانی فینلەندیش دەدەین بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییە کارگێڕیی و داراییەکانی حکومەتی هەرێم بەتایبەتی لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی. گوتیشی پێشوازی لە ھەنگاوەکانی کردنەوەی کونسڵخانەی فینلەندا لە ھەولێر و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان و سوود وەرگرتن لە شارەزایان و پسپۆڕانی فینلەندی دەکەین بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا.