سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی عێراق دەکات
ههولێر، ههرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/٢٩ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بەتایبەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ناوچە سنوورییەکان کرا.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەو دۆخە سەختە کرد، کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبن بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کە هەماهەنگی و هاوکاری هەردوولای پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. گوتیشی سەرۆک وەزیران مستەفا کازیمی ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی دەربڕی لە چوارچێوەی دەستوور بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بن و لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.