سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRG)- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠/٧/٢٦ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی کۆچبەران و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانیان کرا.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران کە بە بێ هیچ جیاوازییەک پێشوازی لێکردوون و خزمەتگوزاری پێشکەش کردوون. ئامادەیی وەزارەتەکەشی دەربڕی بۆ هەر هەماهەنگیەکی پێویست لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە سەرباری دۆخی سەختی ئابووری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە میوانداریکردنی زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار پەنابەر و ئاوارە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەولەتی لەم ئەرکەدا هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن. گوتیشی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە ڕووی تێدەکەن.