Skip to the content

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا

•مەسرور بارزانی: ئەم پڕۆژەیە نیشانەیەكە بۆ بەردەوامیی و ناهێڵین هیچ قەیران و ئاستەنگێك بمانوەستێنێت.

• مەسرور بارزانی: ئێمە حكومەتێكی فرەلایەنین و هاوپەیمانین،‌ بەڵام هیچ هەست بەوە ناكەین لە حزبی جیاواز بین، ئەمەش وایكردووە گونجاوتر بەیەكەوە كار بكەین.

 

سلێمانی، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)-مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری لە سلێمانی رایگەیاند "شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی، یەكێكە لە پڕۆژە هەرە گەورە و ستراتیژیەكانی حكومەت بۆ شاری خۆشەویستی سلێمانی و خەڵكی سلێمانی شایەنی پڕۆژەی زیاترن".

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/٧/١١ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك وەزیر و پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانا.

سەرۆكی حكومەت لە گوتاری دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكە گوتی "خۆشەویستانی سلێمانی شایەنی ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەی گەورەترن، راستە ئەو پڕۆژەیە دەمێكە قسەی لەسەر دەكرێت، ئێمە بەڵێنەكەمان بردە سەر. ئەمەش دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ خەڵكی سلێمانی و تەواوی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان".

سەرۆكی حكومەت رایگەیاند "ئێمە لە حكومەت بێ جیاوازی گرنگیمان بە هەموو ناوچەكان داوە، بەڵام دوای دەستپێكردنی كارەكان هەندێك قەیران هاتنە پێش، كە رێگری لە زۆر پڕۆژەی حكومەت كرد، بەڵام ئەم پڕۆژەیە نیشانەیەكە بۆ بەردەوامیی و ناهێڵین هیچ قەیران و ئاستەنگێك بمانوەستێنێت و كابینەكەشمان خزمەتگوزار دەبێت بۆ هەموو لایەك".

لە بارەی پێكهاتەی كابینەی حكومەتیشەوە گوتی "ئێمە حكومەتێكی فرەلایەنین و هاوپەیمانین،‌ لە چەند حزبێكی جیاواز پێكهاتووین، بەڵام هیچ هەست بەوە ناكەین لە حزبی جیاواز بین، ئەمەش وایكردووە تیمەكە گونجاوتر بەیەكەوە كار بكەین. ئێمە بەخۆم و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانەوە، كەسمان بە ڕوانگەی حزبییەوە کار ناکات".
لە بارەی دۆخی هەنووكەی هەرێمی كوردستانیش سەرۆكی حكومەت سوپاسی خۆڕاگریی و تێگەیشتنی خەڵكی كوردستانی كرد، كە بە هۆی ئەو دۆخەی لە ئاكامی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری هاتۆتە كایەوە .لەمبارەیەوە گوتی "رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، كە هەرەسی بە زۆر شوێنی جیهان هێناوە و كوردستانیش لەو قەیرانە بەدەر نییە، كاریگەری لەسەر حكومەت هەبووە‌ و ناچاری كردووین خۆمان بگونجێنین. ئێمە لە خۆگونجاندن بەردەوام دەبین، هەنگاوی باشمان ناوە و شتی باشمان كردووە، ئەنجامەكانیشی دیارن".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر بەشێك لەم چاكسازییانە نەبووایە، رەنگە نەتوانرابوایە هەندێك لەو كار و پڕۆژانەی پێشكەشی دەكەین، ئەنجام بدرێن. سەرۆکی حکومەت لەمبارەیەوە گوتی "پرۆسەی چاكسازی بەردەوامە، بەڵام بە شەو و رۆژێك ناكرێت ئەنجامەكانی بەدیار بكەون، شتی باشمان كردووە و بەشێك لەو چاكسازییانە ئەنجامەكەیان دیارە".

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە رۆڵی كەرتی تایبەت لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان كرد و گوتی "هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت وا دەكات زووتر ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین و هەلی كاری زیاتریش دابین بكرێت، دەتوانرێت دەرفەتێكی باشتریش بۆ رەوشی ئابووری كوردستان بهێنینە ئاراوە. خەمی یەكەمی ئێمە دابینكردنی مووچەیە، بەڵام دواجار جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیش بۆ خزمەتی ئێوەی خۆشەویستە، دەكرێ‌ زووتر ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین و هەلی كاری زیاتریش دابین بكرێت، دەتوانرێت دەرفەتێكی باشتریش بۆ رەوشی ئابووری كوردستان بهێنینە ئاراوە".

سەرۆكی حكومەت سوپاسی تیمی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی كرد، كە بە خەمخۆری و دڵسۆزانە لەگەڵ خەڵكی سلێمانی وەستاون و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركی خۆیان جێبەجێكردووە و گوتی "لەوانەیە خواستی زۆری خەڵك ئەوە بێت دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگارەكان بدرێت، ئەوەش لە كارنامەی كابینەی ئێمەدا هاتووە و زۆرترین دەسەڵاتیشمان پێداون و لە داهاتووش زیاتر دەبێت".

سەرۆكی حكومەت پەتای كۆرۆنا بە مەترسییەكی جددی سەر ژیانی خەڵكی كوردستان لێكدایەوە و لەو بۆنەیە دووپاتیكردەوە "بۆ پاراستنی خۆتان و كەسوكار و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، پابەندی رێنماییەكان ببن، تكا دەكەم با مەترسی ئەو پەتایە بە سیاسی نەكرێت، با ئەو خۆشەویستانەی لە كەرتی تەندروستی كار دەكەن لە پزیشكان و كارمەندان كە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسی لەبەر چاوتان بێت. ئەو رێنماییانەی حكومەت دەریكردوون، ئێستا ئەركەكەی دەكەوێتە سەر شانی هاووڵاتیان، بۆیە خۆتان بپارێزن. دڵنیام دوای تێپەڕبوونی ئەو قەیرانە، حكومەت و هەرێمی كوردستان بە گشتی پێدەخاتە قۆناغێكی گەشتر و باشتر و ئابوورییەكی بەهێزتر".