سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش دەکات
ههولێر، ههرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٧/٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەحمەد خان ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ( يونيتاد UNITAD ) کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی دادگاییکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرا.
ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش، تیشکی خستە سەر ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە. بە تایبەتی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگە و بە دیجیتاڵکردنی ئەرشیڤی تاوانەکانی داعش. سوپاسی هەماهەنگیی و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لەمبارەیەوە کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی خێراترکردنی ڕێکارەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە، چونکە ئەم دادگاییکردنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هێنانەدی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا.
گوتیشی ئێمە ئامادەیی هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەکین و پێویستە هەرێمی کوردستانیش، بەشدارییەکی کارای لە بەڕێوەچوونی ئەو دادگایەدا هەبێت، چونکە هەرێم لە شوێنەکانی دیکە زیاتر بووەتە قوربانی دەستی تاوانبارانی داعش.