سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری گەیاندنی عێراق دەکات
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق - ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٧/٢ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەندازیار ئەرکان شەهاب ئەحمەد ئەلشەیبانی وەزیری گەیاندنی عێراقی و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و عەلی خوەیلدی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی ئامادەی بوون، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی، بە تایبەتی لە بواری گەیاندن تاووتوێ کرا.
وەزیری گەیاندنی عێراق ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هاوکاری و هەماهەنگيی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی لە پێناو پێشخستنی بواری گەیاندن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. گوتیشی ئێمە ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرین و دەمانەوێ باشترین پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا هەبێت چونکە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە و بە پێچەوانەشەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی کردەوە لە سەر بنەمای دەستوور، چونکە جێبەجێکردنی دەستوور فاکتەرێکی گرنگیی پێشکەوتن و سەقامگیربوونی دۆخی عێراقە