سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٦/٢ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەی بە گرنگیی دایەلۆگی ستراتیجی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق کرد، کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت و هەرێمی کوردستانیش تێێدا بەشدار دەبێت. گوتیشی ئێمە هەموو هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین، بەتایبەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئابوورییە سەختەی بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان کردەوە لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا بە شێوەیەک کە ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی گشتی تەواوی پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.