سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات
ھەوڵێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٦/٩ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی مێجەر جەنەراڵ جیرالد ستریکلاند جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا بۆ سەقامگیریی كرد.
لە دیدارەکەدا کە ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پرۆسەی چاکسازییەکانی حکومەت لە هەردوو بواری بەڕێوەبردن و داراییدا، بەتایبەتیش هەنگاوە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی خستەڕوو .
لە بارەی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە سەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەيمانان لە عێراق و سوریا جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانان کردەوە بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنانی سەربازیدا.