سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری عێراق دەکات
• وەزیری بەرگری عێراق : پێویستە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا هەبێت.
• سەرۆکی حکومەت جەخت لە گرنگی کاراکردنەوەی میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دەکات لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/6/25 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جومعە عەنناد سەعدون وەزیری بەرگری عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا .
وەزیری بەرگری عێراق تیشکی خستە سەر زیادبوونی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوەدا کە داعش دوژمنی هەموومانە و جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا ناکات بۆیە پێویستە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا هەبێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی کاراکردنەوەی میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا کرد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر لەو ناوچانەدا . ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ چارەسەکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.