Skip to the content

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) - مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممە ١٤ حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا، ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر دوو گوندی قەزای خانەقین شەرمەزار دەكات كە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەك ھاووڵاتی، ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:

بەداخەوە دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستان بۆ سەر گوندەکانی دارا و مێخاس سەر بە قەزای خانەقین ژمارەیەک خوشک و برای کاکەیی شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین و خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئێمە لە کاتێکدا زۆر لە دۆخی ناسەقامگیریی ئەو ناوچانە نیگەرانین، لە هەمانکاتدا جەخت لە میکانیزمی ھاوکاریی ئەمنیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و گرنگیی هەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە و سەروماڵی هەموو هاووڵاتییانی ناوچەکە بپارێزن.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٦/١٤