Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵڵای ئوردن کۆدەبێتەوە

• شا عەبدوڵڵا: پەیوەندییەکی تایبەتیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و ئامادەین هاوکاری براکانمان بکەین بە هەر شێوەیەک کە پێویست بێت.

• سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیریی شانشینی ئوردنی کرد و رۆڵی شا عەبدوڵڵاشی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز نرخاند.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٣/١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی و بە بانگهێشتێکی فەرمی، گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن.

هەر لەگەڵ گەیشتنی، لە لایەن شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن لە کۆشکی بەسمان پێشوازیی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە جێنشینی ئوردن شازادە حوسێن بن عەبدوڵڵا و سەرۆک وەزیرانی ئوردن عومەر ئەلرەزاز ئامادەیبوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان کرا.

خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی تایبەتیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و ئامادەین هاوکاری براکانمان بکەین بە هەر شێوەیەک کە پێویست بێت.

خۆشحاڵیشین بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگی هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بواری بازرگانی و بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ئوردنی لە هەرێمی کوردستاندا کرد. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی شانشینی ئوردنی کرد و رۆڵی شا عەبدوڵڵای لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز نرخاند.

پاشان شا عەبدوڵڵا ميوانداری سەرۆکی حکومەت و شاندی هەرێمی کوردستانی بۆ خوانی نیوەڕۆ کرد.

شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.