سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٣/٢٤ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارشال بیلینگسلی یاریدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر، پەيوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو رێکارانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر و میکانیزمەکانی هاوکاریکردنی هەرێم لە لایەن ئەمەریکاوە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوون لە سەر کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستاندا .