Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی ٢٠ ئاداری ٢٠٢٠ لە پەیامێکدا، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە گەلی کوردستان پیرۆز کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان بو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە بەرانبەر نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەت:

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گەلی کوردستان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. هیوادارم مایەی خێر و خۆشی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

وەک دەزانن ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، لە دۆخێکی سەختدا یادی ئەم جەژنە نیشتمانییە دەکەینەوە. سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییە تەندروستییەکان و ئەو رێکارانەی بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویست گرتوومانەتەبەر لەوانەش سنووردارکردنی هاتووچۆ. دڵنیاین بە هاوکاری یەکتر ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین وەک چۆن لە رابردوودا بە خۆڕاگرییەوە بەسەر زۆر باردۆخی سەختدا زاڵ بووین.

هیوادارم ئەم ئاستەنگانەی هاتوونەتە پێشمان، ببنە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپارێزیی زیاتر لە داهاتوودا و، لە ئاستی ئابووریش زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی دارایی و کارگێڕی کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بە تایبەتی کە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە جەختمان لە سەر سیاسەتی هەمەچەشەنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەی داهات کردووەتەوە و، ئەم دۆخەی ئێستاش، سوورترمان دەکات لە سەر بەردەوامبوون لەم چاکسازیانەدا.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و ئومێدەوارم کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت .

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٠/٣/٢٠