Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی (٣٢)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ئەمڕۆ ٣٢ ساڵ بەسەرکیمیاباران و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان. ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا، زامێکی قووڵە لە مێژووی گەلی کوردستاندا و هێمای ئەو ستەمکاریی و زۆردارییەیە کە بەرامبەر گەلی کوردستاندا کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری میللەتەکەمانە، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهید وئەنفالکراوەکان. ئەم بیرئانینە تراژیدیایانەش پێویستە هاندەری زیاترمان بن بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و کارکردنی هاوبەش لە پێناو زاڵبوون بە سەر هەموو کارەسات و دۆخێکی سەختدا .

سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٣/١٦