سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
![](/media/2190/pmbarzanichaircouncilofministersmeet-new.jpg?center=0.43127962085308058,0.47784810126582278&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132354129250000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) -- ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٥/٣١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوبردن و هەماهەنگی قەرزی گشتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی بەرفراونی بە خشتە و داتای پێویستەوە دەربارەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە لە لایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە کرابوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا ڕاپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەکان ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بکرێت وەکو لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بخرێتە بەردەستی پەرلەمانی کوردستان و ڕای گشتی.