سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٥/١٤ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا ،گفتوگۆ دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا . کونسوڵی ئەمەریکا ستايشی رێکارە سەرکەوتووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی سەختی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم پلانی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەسەند کردووە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان.
لە بارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا ، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەک کە ئەرک و مافەکانی هەرلایەک دیار و پارێزراوبن.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستاندا. سەرۆکی حکومەت داوای کرد ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی هەرێمی کوردستان و عيراق بکەن لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.