پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) -- مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممە ٣١ ئایاڕی ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا، چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حزبە پیرۆز دەكات، ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:
بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و ئومێدەوارم بەیەکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و تەواوی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگ و هاوکار بین بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی ئێستا، لە رێگەی پشتیوانیکردن لە کارنامەی حکومەتی هەرێم و ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی کە داوا و خواستی گشت لایەنەکان و هاووڵاتییانە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٥/٣١