سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە 2020/10/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارجن کۆبیاک باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی پۆڵەندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و یارمەتیدانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کار بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات دەکەین و گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەین، بە تایبەتی کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە لە بواری کشتوکاڵییەوە ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ هەموو عێراق.