سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە 2020/10/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەیڤد کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بەشداربوو، دۆخی عێراق و ناوچە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا، کۆنفرانسێکی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە ساز بکرێت. گوتیشی دەرفەتی زۆر بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە کارە لە پیشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرووبوومی ناوخۆیی و پێشکەشکردنی ئاسانکارییە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیداڵی کردەوە، کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.