Skip to the content

پەیامی سەرەخۆشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی ڕێبەری روحانیی ئاینیی ئێزدیی بابا شێخ

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 2020/10/1، بە بۆنەی کۆچی دوایی بابا شێخ (شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل) ڕێبەری روحانیی ئاینی ئێزدی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاو کردەوە، ئەمەش دەقی پرسەنامەکەیەتی:

بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی بابا شێخ (شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل) ڕێبەری روحانیی ئاینی ئێزدییم بیست. پرسە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و میری ئێزدیان و ئەنجومەنی روحانیی و تەواوی خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. جەنابی بابا شێخ کەسایەتییەکی دیار و خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو لە هەرێمی کوردستان و جیهاندا. ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاینیی لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/10/1