Skip to the content

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ى پردی ده‌ربه‌ندی رانیه‌ى دانا

مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ سه‌روه‌ت و سامانى ئه‌م نیشتمانه‌ له‌ پێناو خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان خه‌رج بكرێت و له‌ خزمه‌ت ئه‌واندا سوودی لێوه‌ربگیرێت.

چەندین پرۆژەی دیکەش لە دەڤەری ڕاپەڕین ئەنجام دەدات بە بڕی زیاتر لە بیست ملیار دینار


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 2020/10/13 به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بەردی بناغەی پردی ده‌ربه‌ندی رانیه‌- بنگرد دانرا.

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ ڕێوڕه‌سمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، گوتارێكی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ى به‌ گرنگى پڕۆژه‌كه‌ كرد و گوتی "پردی ده‌ربه‌ندی رانیه‌ -بنگرد، پردێكی ستراتیژى ده‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ و هاوكار ده‌بێت بۆ جووتیاران، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رووبوومه‌كانیان به‌ بازاڕ بگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ پردێك بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و بازرگانی".

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ باره‌ى ئه‌و سه‌ردانه‌ى بۆ ده‌ڤه‌رى راپه‌ڕین گووتى "خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم، خوا جارێكی دیكه‌ ده‌رفه‌تی پێداین سه‌ردانی دەڤەری راپه‌ڕین بكه‌ین، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی به‌ درێژایی شۆڕشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان، به‌ ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران شه‌هید و قوربانیان داوه‌، دواتریش بوو به‌ ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین، به‌ خوێنی گه‌نجانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، كوردستان رزگار كرا، بۆیە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت خزمه‌تێكی شایسته‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكات".

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ باسى ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ له‌ پلانى حكومه‌ت دان بۆ ناوچه‌كه‌ گوتى: "جگه‌ له‌م پڕۆژه‌یه‌، پڕۆژه‌ى جووتسایدی بازاڕی رانیه‌، شه‌قامی 60 مه‌تری قه‌ڵادزێ، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین و دروستكردنی سه‌نته‌ری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك، جێبه‌جێده‌كه‌ین. پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌شمان هه‌بوو بۆ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا له‌ چوارقوڕنه‌، به‌ڵام به‌ سوپاسه‌وه‌، له‌ لایه‌نێكی دیكه‌وه‌ ته‌مویلی كراوه‌ و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌ین".

وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاماژه‌ى بۆ كرد، "ئه‌م پڕۆژانه‌، پڕۆژه‌ى دیكه‌شیان به‌دواوه‌ دێن، به‌ڵام یه‌كه‌م قۆناغ ئه‌م پڕۆژانه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ و پێشنیازی ئیداره‌ی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین و خۆشه‌ویستانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ پێشكه‌شكراون و ره‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر داون، هیوادارم هه‌موو هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، بتوانن سوودیان لێ وه‌ربگرن".

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ پێزانینه‌وه‌ باسى هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كرد، كه‌ بۆ گه‌شه‌پێدان و خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى كوردستان ده‌درێن و گوتى: ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌یاندنی خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییان، وایكردووه‌ لایه‌نه‌ ناحكومییه‌كان و خێرخواز و حیزبیه‌كانیش، بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ زیاتر خزمه‌ت به‌ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست بگه‌یه‌نن. ئێمه‌، هه‌موو هه‌نگاوێك بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان به‌ ئه‌رێنی ده‌زانین و ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ین".

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستخۆشی له‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكاری پڕۆژه‌كه‌ش كرد و دڵخۆشى خۆى به‌وه‌ ده‌ربڕى، كه‌ كۆمپانیایه‌كی كوردستانی ده‌توانێت ئه‌م پڕۆژه‌ گه‌ورانه‌ جێبه‌جێ بكات.

هه‌موو لایه‌كیشى دڵنیا كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌م پڕۆژانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و گوتى "ئه‌م پڕۆژانه‌ى له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، ده‌ستیان پێكردووه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، له‌ هه‌ندێك شوێنیش به‌رنامه‌مان بۆ پڕۆژه‌ى زیاتر هه‌یه‌. به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی كارگه‌ری وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ هه‌ر سێ پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و دروستكردنی شاری پیشه‌سازی خۆراك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ وه‌رگرتنی زیاتر له‌ نیو ملیۆن تۆن گه‌نمی جووتیاران. به‌رنامه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی رێگه‌وبان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان".

سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ گرنگى ده‌زانێت سه‌روه‌ت و سامانى نیشتمان، له‌ پێناو خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان خه‌رج بكرێت و له‌ خزمه‌ت ئه‌واندا، سوودی لێوه‌ربگیرێت.

له‌ باره‌ى ئه‌و قه‌یرانانه‌یش، كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا روویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، سوپاسى خۆڕاگرى خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى و ده‌ڤه‌رى راپه‌ڕین به‌تایبه‌تى كرد و گوتى "سوپاسى خۆڕاگرى هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ ده‌كه‌م له‌م ده‌ڤه‌ره‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ ته‌ندروستی و داراییه‌ی تووشیان بووه‌، به‌ڵام خۆڕاگر بوون، به‌تایبه‌تیش ده‌مه‌وێ سوپاسی هه‌موو پزیشك و فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی ته‌ندروستی و پۆلیس و هێزه‌كانی ناوخۆ و مامۆستا به‌ڕێزه‌كان بكه‌م، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌م ناخۆشییانه‌، دیسان به‌رده‌وامن له‌ جێبه‌جێكردن و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی خۆیان".

وێڕاى ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ش،سەرۆکی حکومەت دڵنیایى ئه‌وه‌ى دا، حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌تى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكات و گوتى "هیچ حكومه‌تێك نایه‌وێت كه‌مته‌رخه‌م بێت له‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاونیشتمانیانی خۆی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ تووشی ئه‌و قه‌یرانانه‌ بووین، به‌داخه‌وه‌ ئازارێكی زۆریان به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند، زۆر سنووریشی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت دروست كرد و كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر كوردستان هه‌بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه‌، نه‌هێڵێن پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بووه‌ستن. به‌گوێره‌ی توانا و بودجه‌ی به‌رده‌ست، هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانی خۆمان ته‌رخانكردووه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ توانای حكومه‌تدایه‌. به‌ هیمه‌ت و خۆڕاگری و ماندووبوون و به‌یه‌كه‌وه‌كاركردنی هاووڵاتییان و حكومه‌ت، ده‌توانین له‌و قه‌یرانه‌ ناخۆشخانه‌ رزگارمان بێت و به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر هه‌نگاو بنێین".