سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هیندستان لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/10/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بیرەندەر سینگ یاداڤ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی هیندستان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
باڵیۆزی هیندستان لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری وزە و کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیای زانیاری(IT).
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی لە بواری پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی. ئاماژەشی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دا، کە دەکرێ ببێتە بنکەیەکی بازرگانیی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا.