پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان :
• دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا کازیمی گفتوگۆمان دەربارەی ڕێککەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە گرنگە.
• سوپاسی خاتوو جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەم، بۆ پشتیگریی و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی لە بە ئەنجام گەیشتنی ئەم ڕێککەوتنەدا.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە بارەی ئەو ڕێککەوتنە بڵاوکردەوە کە ئەمرۆ هەینی 2020/10/9 لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئیمزا کرا لە پێناو ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال ، ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە ، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شنگال کە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆربوونەوە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال ، ڕۆلێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەردوولا ڕێککەوتووین لە سەر ئەوەی، شنگال لە ڕووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێت. ئەم ڕێککەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور.
دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە ، لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا کازیمی ، گفتوگۆمان دەربارەی ڕێککەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە گرنگە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەبێت ، دەتوانین زۆر دەسکەوتی دیکەش بە دەست بهێنین لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش . ئێمە پشتگیریی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە پێناو بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییەی، تیرۆریستانی داعش لە شنگال ئەنجامیاندا. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خاتوو جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەم، بۆ پشتیگریی و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی لە بە ئەنجام گەیشتنی ئەم ڕێککەوتنەدا.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/10/9