سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/9/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مارتن هوس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و پەڕەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتوو و گەشەسەندووە لە عێراق و یەکێتی ئەوروپاش ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەوروپایی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی یەکێتی ئەوروپای کرد لە هەرێمی کوردستان و جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەکەدا . گوتیشی سەرەڕای قەیرانی دارایی بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکەی، لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان.