سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/29 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی بەهێزکردنی ڕۆڵی بێلایەنانەی سیستەمی دادوەریی لە عێراق و هەماهەنگیی لە گەڵ دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە دامودەزگاکانی حكومەتی فیدرالی، ڕێز لە تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بگرن بە تایبەتی لە بواری دادوەریدا. گوتیشی دەبێ دەستووری عێراق بنەما بێت بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەسەڵاتی دادوەریی لە عێراق، بێلایەنانە ڕۆڵی کاریگەر و گرنگیی خۆی بگێرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی دەستوور. هەروەها پێویستە وەکو قەوارەیەکی فیدرالی و دەستووری، مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.