سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات
• باڵیۆز جەیمس جێفری: هەرێمی کوردستان بە هۆی هەمەڕەنگی و زیندوویتی و دۆستایەتییەکەی لە گەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
• مەسرور بارزانی: پرۆسەی گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور.
هەولێر، هەرێمێ کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی باڵیۆز جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەولەتی دژی داعش.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق وسوریا و گرنگیی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
باڵیۆز جەیمس جێفری، ڕۆڵ و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە لەیەک نزیکردنەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بەرز نرخاند و جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی ”هەرێمی کوردستان بە هۆی هەمەڕەنگی و زیندوویتی و دۆستایەتییەکەی لە گەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە“.
سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوەدا ، کە پرۆسەی گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کیشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتووانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی.