سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات
• مەسرور بارزانی: مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی ڕەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت.
• مستەفا کازمی : دەرفەت و تێگەیشتنێکی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) -ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٩/١٠ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نیشاندا و بە ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دانا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە و هیوادارین هەموو کێشەکە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. گوتیشی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی ڕەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە، بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەردەبڕین بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە کردەوە. بەتایبەتی کاراکردنی میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە هاتنی ئەو شاندە گەورە و گرنگەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی بە هێزە بۆ ئامادەییمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دانانی بنەمایەکی نوێ و پتەو بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. سەرۆک وەزیرانی عیراق گوتیشی سەرکەوتنی هەر بەشێکی عێراق سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق و من گەشبینم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێکهاتە و بەشەکانی عێراق، دەتوانین بە سەر ئاستەنگەکان سەربکەوین و ئێستاش دەرفەت و تێگەیشتنێکی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.