سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پهیوهندییهكی تهلهفۆنی له وهزیری دهرهوهی ئهمهریكاوه پێگهیشت
• بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان لەدژی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد .
• حکومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بەغدا بە زووترین کات، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
• سەرۆکی حکومەت داوای کرد هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، کە بە عێراق دەدرێت.
• هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگال کردەوە .
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 23 ی نیسانی 2021 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا کرا ، سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە ، هەردوولا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان لەدژی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد .
هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستییبوون بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.
هەروەها هەردوولا هاورابوون لە سەر ، گرنگیی یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.
پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو . سەرۆکی حکومەت ، ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازی حکومەت کرد بە ئاراستەی زیادکردنی داهات لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێکخستنەوە لە دارایی گشتیدا .سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیری دەورەی ئەمەریکا کرد کە پشتگیریی حکومەتی هەرێم بکات لە بواری تەکنیکی و هانی سەرمایەگوزاریی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان بدات ، بەتایبەتی لە هەردوو بواری بانکیی و وەبەرهێناندا.
لە درێژەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازییان لە دەرکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کرد . سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا ، کە حکومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بەغدا بە زووترین کات، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. پابەندبوونی حکومەتی هەرێمیشی بە یاساکە دووپات کردەوە . سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە ڕۆڵی کاریگەری خۆی لە یارمەتیدانی هەولێرو بەغدا بگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە . هەروەها بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، کە بە عێراق دەدرێت .
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا ، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقيان تاووتو] كرد . هەردوولا نيگەرانیی خۆیان بەرامبەر گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووەکان دەربڕی کە کێشە و ئاستەنگ بۆ هاوبەشیی ئەمەریکا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دروست دەکەن کە ئامانجی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگال کردەوە .