Skip to the content

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا: كاری له‌ پێشینه‌مان دابینكردنی مووچه‌یه‌

• حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی لە یاسای بودجە جێبەجێ دەکات و داوا دەکەیەن حکومەتی فیدراڵیش پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات.
• سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پزیشك و په‌رستاران و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی دووپات دەکەینەوە. ‌
• داوا له‌ هاووڵاتییانی كوردستان ده‌كه‌م زیاتر خۆیان بپارێزن و ڕێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بەرچاو بگرن.

 

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مەسرور بارزانی، له‌ كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (7ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021) رایگه‌یاند، کە حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ ئه‌ركه‌كانی به‌رامبه‌ر ‌ بودجه‌ی فیدراڵی و پێویستە حکومەت .

گوتیشی: پەسەندکردنی بودجه‌ ده‌ستكه‌وتێكه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق و خه‌ڵكی كوردستانیش، له‌ ڕاستیدا ده‌بووایه‌ بودجه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسایی تێپه‌ڕێت، وه‌كو ده‌ستكه‌وت سه‌یری تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ نه‌كرێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ سیاسی كرا و ماوه‌یه‌كی زۆری پێویست بوو تا پەسەند کرا.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد کە شاندی دانوستانكاری هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی حکومەتی فیدراڵی كارێكی زۆریان كرد، تا بیسه‌لمێنن، كاره‌كان نه‌ ته‌كنیكین، نه‌ دارایی و ‌ یاساییشن، به‌ڵكو كێشه‌کان سیاسیی بوون، كه‌ پێشتر هه‌بوون. پێمانوایه‌ یاسای بودجەش یاسایه‌كی هاوسه‌نگه‌ و بە پەسەندکردنی هه‌موو لایه‌ك تێیدا براوه‌ن، ده‌ستخۆشی له‌ شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ زۆر به‌ ڕێكوپێكی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان به‌جێگه‌یاند، سوپاسی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین له‌ هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق، سوپاسی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و عێراق ده‌كه‌م، سوپاسی په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌م، هاوكاربوون بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجه‌ وپشتیوانی شاندی هه‌رێم بوون".

سەرۆکی حکومەت گوتی "ده‌مه‌وێت سوپاسی سه‌رۆك بارزانی بكه‌م، كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق، وه‌چه‌رخانێك بووه‌ بۆ گۆڕێنی هه‌ڵوێستی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ و پشتیوانیكردنی تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجه‌ی (2021)".
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئه‌م یاسایه‌ی له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنراوه‌، حیكمه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنیدایه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان باسمان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ چ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی خۆی به‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، دواییش پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌رامبەر هاووڵاتیانی كوردستان باسكراوه‌.

گوتیشی ئه‌م یاسایه‌ پێویستە له‌ (1/ 1/ 2021) جێبه‌جێبكرێت، چونکە پابه‌ندبوونی له‌پێشینه‌ی هه‌یه‌، بۆیە ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندی خۆی به‌ مانگه‌كانی (1 و2 و 3) جێبه‌جێ بكات، داواشمان له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌، ئاماده‌كاری بۆ چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌م بودجه‌یه بكه‌ن"‌.

مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، "ئێمه‌ پابه‌ندبوونی خۆمان به‌رامبەر ئەوەی لە سەری ڕێککەوتووین لە گەڵ حكومه‌تی فیدراڵی ڕاده‌گه‌یه‌نین و چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندی خۆیان به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان ڕابگه‌یه‌نن".

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی رێنماییه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ش، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند کە شاندی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ یە سه‌ردانی به‌غدا بكات، داواش له‌ شاندی عێراق ده‌كه‌ین، هه‌ر كات پێویست بكات، ئاماده‌ین گفتوگۆ بكه‌ین، تاوه‌كو بكه‌وینه‌ سه‌ر رێچكه‌یه‌كی ڕاست و ببێتە بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی زۆر له‌ گرفته‌كانیش".

بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایش و ناوچەی ئارام
سەرۆکی حکومەت دەربارەی ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری (688)ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گوتی: "(30) ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستان وای له‌جیهان كرد، ئه‌و غه‌در و سته‌مه‌ ببینێت، دونیا پشتگیریی لە خه‌ڵكی كوردستان بکات، بڕیاری (688)ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وایكرد، ناوچه‌كی دژه‌فڕین و ناوچه‌ی ئارام دروست بكرێت، كه‌ هۆكاری درووستبوونی هه‌رێمی كوردستانه‌، دواتر به‌ فه‌رمی ناساندنیشی دوای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستووری عێراقیش جێگیربوو، ئه‌م ره‌وشه‌‌ له‌ ئه‌نجامی خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستانه‌، ئه‌نجامی هاوكاری هاوپه‌یمانان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌، كه‌ هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ به‌ هانای ئێمه‌وه‌ هاتن".

گوتیشی: "ده‌مه‌وێت پێزانینی خۆمان بۆ ئه‌و هاوكارییه‌ و بۆبە‌هاناهاتنی ئێمه‌ دەرببڕم، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین به‌رده‌وام بن له‌ هاوكاریكردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانەی هه‌یه‌، تێیپه‌ڕێنین، پێویستیمان به‌ هاوكاری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌، به‌رده‌وام پێویستیمان به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانان هەیە بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی ئێستا هه‌یه‌.

رۆژی جیهانی ته‌ندروستی

مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی ته‌ندروستییه‌، ده‌مه‌وێت سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پزیشك و په‌رستاران و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی دووپات بكه‌مه‌وه‌، كه‌ خۆیان كردووه‌ته‌ قوربانی بۆئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و كێشه‌ ته‌ندروستیانه‌ ببنه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئێستا په‌تای كۆرۆنا به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا هه‌ڵكشاون، سوپاس و پێزانینی خۆم به‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ راده‌گه‌یه‌نم، له‌هه‌مانكاتدا داوا له‌ هاووڵاتیانی كوردستان ده‌كه‌م زیاتر خۆیان بپارێزن و ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و ناوخۆ جێبه‌جێ بكرێت".
سەرۆکی حکومەت ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ته‌نیا به‌ حكومه‌ت جێبه‌جێ ناكرێت، پێویستیمان به‌ هاوكاری خه‌ڵكی كوردستانه‌، پێویسته‌ ئه‌وان خۆیان بیر له‌ سه‌لامه‌تی كه‌سوكاری خۆیان بكه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ خۆیان بپارێزن، ئه‌م په‌تایه‌ كێشه‌یه‌كی جددیه‌، خه‌ڵكێكی زۆر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هیوادارم به‌ جددی وه‌ربگیرێت، تاکە رێگه‌ی كۆنترۆڵكردنی ئه‌م په‌تایه‌، ته‌نیا خۆپارێزییه‌، یه‌كێك لەو شێوازانەی خۆپارێزیی، كوتانه‌ به‌ ڤاكسینی كۆرۆنا، كه‌ ئێستا له‌به‌رده‌سته‌.
سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاشكرای كرد، "حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڤاكسین بۆ خه‌ڵكی كوردستان دابین بكات، تاكو زۆرترین ڕێژه‌ی خه‌ڵكی كوردستان سوودی لێ ببینن و خۆیان بپارێزن، به‌داخه‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌ین، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێویست به‌ره‌و پیری ئه‌و داوایه‌ ناچن، داواتان لێده‌كه‌م خۆشه‌ویستان، بۆ پاراستنی كه‌سوكاری خۆتان، رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جێبه‌جێ بكه‌ن، ئاماده‌بن بۆ ئه‌و ڤاكسینه‌ی له‌به‌رده‌ستن، به‌كاربهێنن، ئه‌مه‌ به‌رگری جه‌سته‌ی ئێوه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ به‌هێزتر ده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا به‌ستنی ده‌مامك و دووره‌په‌رێزی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خۆپارێزییه‌كان، هیوادارم هه‌مووتان سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست بن.

پابه‌ندبوونی هه‌رێمی کوردستان

مه‌سرور بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌‌، وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی خۆمان، ئه‌وه‌ی پێمانبكرێت، بۆ دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ گرنگییه‌كی تایبه‌ت به‌ دابینكردنی مووچه‌ ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت، ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌پێی یاسای بودجه‌ له‌سه‌ری رێككه‌وتووین، دیسان بارگرانییه‌ك له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم درووست ده‌كات.
دووپاتیشی كرده‌وه‌، "ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین، مووچه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دابین بكه‌ین، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رده‌وام ده‌بین لە هەوڵەکانمان بۆ زیادكردنی داهاتی خۆمان لە ڕێگەی پڕۆسه‌ چاكسازیی . ئێمه‌ له‌ پڕۆسه‌ی چاكسازی به‌رده‌وام ده‌بین، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت و زیادكردنی داهاته‌كانی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ باشترین شێوه‌ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندا بین".

بودجه‌ی هه‌رێم

سەرۆکی حکومەت ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، شایسته‌داراییه‌كانی فیدراڵییه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین رێنمایی پێ ده‌ربچێت، ئه‌و كات یاسای بودجه‌ ده‌نێرینه‌ په‌رله‌مانی كوردستان، دواكه‌وتنی بودجه‌ی عێراقیش هه‌بوو، ئێستا ئێمه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌نجام، بۆ به‌رچاوڕوونی، ئێمه‌ (3) سه‌رچاوه‌ی داهاتمان هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌و شایسته‌ داراییانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ دێت، ئه‌وه‌ی دووه‌م داهاتی نه‌وتییه‌ و به‌شی سێیه‌م داهاتی نانه‌وتییه‌، ئێستا داهاته‌كانی ئێمه‌ دیارن و خه‌رجییه‌كانیشمان دیارن، هه‌وڵ ده‌ده‌ین، واقعی بین، نه‌وه‌ك خه‌رجییه‌كی زیاد ئاماده‌ بكه‌ین، پێمان پڕنه‌كرێته‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و ژمارانه‌ له‌یه‌ك نزیك بن.
بێگومان كاری له‌ پێشینه‌ی ئێمه‌ دابینكردنی مووچه‌یه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و ئه‌جێندایه‌ی له‌ سه‌ره‌تای پێشكه‌شكردنی كابینه‌كه‌مان خستمانه‌ڕوو، پابه‌ندین به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌".

جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی بودجە

مه‌سرور بارزانی گوتی: نامه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای گومانه‌وه‌ مامه‌ڵ له‌گه‌ڵ رێككه‌وتن بكه‌ین، راسته‌ ئێمه‌ ئه‌زموونێكی تاڵمان هه‌یه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندییه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات، حكومه‌تی فیدراڵی له‌ مانگه‌كانی (1 و 2 و 3) به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ هیچی بۆ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج نه‌كردووه‌.
گوتیشی: "داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، ئه‌و سێ مانگه‌ی كه‌ رۆیشتووه‌ مه‌قاسه‌ بكرێت، بزانرێت كێ چه‌ندی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، ئێمه‌ له‌ پێش چاوی رای گشتی عێراقی و كوردستانی و جیهانی ده‌ڵێین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك خۆی حه‌كه‌م بێت بزانێت حكومه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێی كردووه‌، هیوادارین حكومه‌تی عێراقیش به‌و جۆره‌ كار بكات و پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
مه‌سرور بارزانی ئاشكرای كرد،کە سه‌رۆك بارزانی لە سەرەتاوە له‌سه‌ر هێڵ بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسان، ئه‌وه‌ش هۆكاربووه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و عێراقیش.

زه‌وییه‌كانی 8ی حه‌سارۆك

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بارەی کێشەی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "ده‌مانه‌وێت كێشه‌ی (8ی حه‌سارۆك) چاره‌سه‌ر بكه‌ین، داواكاری زۆر هاتووه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێریش قسه‌مان كردووه‌، رێگری نییه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی، به‌ڵكو پێویسته‌ خزمه‌تگوزاری بۆ ببرێت، پرۆژه‌كه‌ هی پێشتره‌ و ده‌ستكاری زۆری زه‌وییه‌كان كراوه‌، بۆیه‌ له‌ پێناو تێپه‌ڕاندنی كاره‌كان به‌ شێوه‌ی یاسایی، كاری زیاتری ده‌وێت، لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریشم راسپاردووه‌.

خۆگونجاندن

سەرۆکی حکومەت گوتی سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسی و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌كه‌م، كه‌ داوای مووچه‌ ده‌كه‌ن به‌بێ لێبڕین، بەڵام دڵنیابن حكومه‌ت له‌وان زیاتر دڵسۆزترە‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێبڕێن‌ نه‌مێنێت، وەک باسم کرد ئێمه‌ سێ داهاتی سه‌ره‌كیمان هه‌یه‌، داهاتی به‌غدا و نه‌وتی و نانه‌وتی، به‌ڵام قه‌رز و ئیلتیزاماتی دیكه‌ لە سەر حکومەتی هەرێمە. قه‌رزی بانكی بازرگانی عێراقی TBI ، هەروەها دووسەد و پەنجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ كۆمپانیای سۆمۆ و نیوه‌ی داهاتی نانه‌وتی بۆ حكومه‌تی فیدراڵی ده‌بێت، پێویسته‌ به‌راورد بكرێت داهاتی کوردستان چه‌نده‌ و چه‌ند ده‌درێته‌ حكومه‌تی فیدراڵی و ئه‌وانیش چه‌ند ده‌نێرن.
روونیشیكرده‌وه‌، "داوامان وایه‌ له‌ حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌و خاڵه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو خۆی و له‌كاتی خۆیدا بنێرن.

رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرای كرد کە لیژنه‌یه‌كی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌یه‌ و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن و بڕیاره‌كه‌ بۆ ئه‌وان جێده‌هێڵرێت، كه‌ چ رێكارێك ده‌گرنه‌ به‌ر، به‌ڵام له‌ هه‌مووی گرنگتر خۆپارێزی خودی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌، جارێ شوێنه‌ گشتییه‌كان داخراون، به‌ڵام پێویسته‌ خه‌ڵكی خۆیان بپارێزن و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یان لە سەر شانە.

گفتوگۆی ستراتیژی به‌غدا - واشنتن

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا مه‌ترسی تیرۆر له‌سه‌ر عێراق به‌رده‌وامه‌، بۆیە مانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان به‌ گرنگ ده‌زانین، وه‌كو هه‌رێمی كوردستان بۆچوونی خۆمان هەیە و ده‌یخه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام وه‌كو به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

كابینه‌ی نۆیه‌م و چاكسازی

لە بارەی چاکسازی ، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە حكومه‌تی هه‌رێم بەردەوامە له‌سه‌ر چاكسازی و داهاتەکانی زیادكردووه‌، به‌ڵام دوو هۆكار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات هه‌بووه‌، ئه‌وانیش په‌تای كۆرۆنا و داته‌پینی ئابووری جیهان و ناوچه‌كه بووه‌‌، له‌ هه‌ندێك خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی رێك و پێك كاره‌كان رێكخراون، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كه‌ ماون هه‌موو گوشارێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رێكبخرێنه‌وه‌ و به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كار بكه‌ن.
سەرۆک وەزیران دووپاتی كرده‌وه‌، (‌10) مانگه‌ حكومه‌تی فیدراڵی هیچ شایستەیەکی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه‌، به‌و چاكسازییانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ داهاته‌كان كردوویه‌تی، توانیومانه‌ مووچه‌ی پێ دابین بكه‌ین و ئیداره‌ی خۆمان بكه‌ین و پڕۆژه‌ش ئه‌نجام بده‌ین، ده‌رگامان به‌ ڕووی كه‌رتی تایبه‌ت كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌رتی گشتیدا پڕۆژه‌ به‌گه‌ڕ بخه‌ین".

ناوچه‌ كوردستانییه‌كان

سەرۆک وەزیران دەربارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێک گوتی: له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی قسه‌مان كردووه‌، مادده‌یه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه‌، كه مادده‌ی‌ (140)ـه‌، به‌داخه‌وه‌ تاكو ئێستا حكومه‌تی فیدراڵی نه‌هاتووه‌ته‌ پێش بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ ئه‌و كاره‌، هه‌ندێك چاره‌سه‌ری خێراش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستیش هه‌ن، بۆ نموونه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان، به‌ڵام لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌هاتووه‌ته‌ پێش.

رێككه‌وتنی شنگال

سه‌رۆكی حكومه‌ت روونیكرده‌وه‌، تا ئێستا رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتووین له‌سه‌ری و به‌ربه‌ستی زۆر هه‌ن له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی، ئه‌و خاڵانه‌ش كه‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، لایه‌ن هەن‌ رێگری له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كەن.
روونیشكرده‌وه‌، "هه‌ر جۆره‌ نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ده‌ستكه‌وته‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق نه‌ك حكومه‌تێك و كابینه‌یه‌ك و كه‌سێك.