پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێی کۆچی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- بەبۆنەی ساڵی نوێی کۆچی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. لە خوای مەزن داواکارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی و کۆتاییهاتنی پەتای کۆرۆنا بێت لە جیهان و ناوچەکەدا. هیوادارم ڕێنمایی تەندروستی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لەبەرچاو بگرن و خۆتان بپارێزن.
ئەم بۆنە پیرۆزەی هیجرەتی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەممەد ( دروودی خوای لە سەر بێت )، هانمان دەدات لە سەر برەودانی زیاتر بە گیانی لێبوردەیی و تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان .
ساڵی نوێی کۆچی پیرۆز بێت و کوردستانیان و مرۆڤایەتی پارێزراو و تەندروست بن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان