Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پرۆفیسۆر کنیازێ ئیبراهیم میرزۆیێڤ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 8 ی ئابی 2021 پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری پرۆفیسۆر د. کنیازێ ئیبراهیم میرزۆیێڤ سەرۆکی فیدراسیۆنی ناونەتەوەیی دیاسپۆرای کوردان ( FNDK ) کە ئەمڕۆ لە شاری ئەڵماتی وڵاتی کازاخستان کۆچی دوایی کرد، ئەمە دەقەکەیەتی :

بۆ بنەماڵەی پرۆفیسۆر د. کنیازێ ئیبراهیم میرزۆیێڤ

بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر د.کنیازێ ئیبراهیم میرزۆیێڤ سەرۆکی فیدراسیۆنی ناونەتەوەیی دیاسپۆرای کوردان ( FNDK ) م بيست. پرۆفیسۆر کنیاز کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و نووسەر و رووناکبیرێکی ناسراو بوو، خزمەتێکی زۆری بە کولتوور و زمان و ئەدەبی کوردی کردووە. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و کەسوکار و هاوکارەکانی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان