Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەوەی پێویست بێت بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان دەیکەین

سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کارەساتی لافاوی هەولێر کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17 ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە باڵاخانەی پارێزگای هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کارەساتی لافاوی هەولێری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ئامادە بوون، سەرۆکی حکومەت، لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ڕێکارەکانی پێشکەشکردنی فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان کرد .

پاشان سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وێڕای پرسە و سەرەخۆشیکردن لە کەسوکاری قوربانییان ، ئاماژەی بەوەدا کە دەزگاکانی حکومەت بۆ به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵكی لێقه‌وماو، هه‌رچی پێویست بێت درێغییان نه‌كردووە لە هاوکاریکردنیان.

سەرۆکی حکومەت  هەروەها گوتی: به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ كاره‌ساتێكی سروشتییه‌ و به‌هۆی بارینی بارانێكی زۆره‌وه‌ ڕوویداوە، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ به‌دواداچوونیش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هیچ شوێنێك كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك هه‌بووبێت، ده‌ستنیشان بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ و هۆكاره‌كانی ڕاسپاردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن و بزانن كه‌ له‌ چ پڕۆژه‌یه‌كدا ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ر رێڕه‌وی ئاوه‌كه‌.

 

ئەمەش ده‌قه‌ لێدوانەکەی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان،

خوشك و برایانی به‌ڕێز،

 به‌داخه‌وه‌ دیسان به‌هۆی بارینی بارانێكی زۆر و دروستبوونی لافاو، دیسان كاره‌ساتێك روویدا، به‌داخه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌مجاره‌ زیانی گیانیشی به‌دواوه‌ بووه‌، سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كه‌م و هیوادارم خوای گه‌وره‌ی سه‌بووری بنه‌ماڵه‌كانیان بدات و دڵنه‌واییان بداته‌وه‌. له‌ هه‌مانكاتدا ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان و پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌رانیش بكه‌م كه‌ هه‌ر له‌ به‌ره‌به‌یانییه‌وه‌، به‌شداربوون له‌وه‌ی كه‌ به‌هانای خه‌ڵكه‌وه‌ بچن و سه‌ردانی شوێنی كاره‌سات و لافاوه‌كانیان كرد و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان هاتووە بۆ هاوكاریكردنی خه‌ڵك درێغیان نەکردووە.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ كاره‌ساتێكی سرووشتییه‌ كه‌ به‌هۆی بارینی بارانێكی زۆره‌وه‌ ئه‌م ڕووداوه‌ روویداوه‌، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ دەبێ شوكرانه‌ی خوا بكات، هیچ شتێكی دیكه‌ی پێ ناكرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا پێویستی به‌ به‌دواداچوونیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هیچ شوێنێك، كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك هه‌بووبێت ده‌ستنیشانی بكه‌ین.

سوپاسی هه‌موو ئه‌و ده‌زگا و خێرخوازانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی فه‌رمی، هاوكار و به‌شداربوون له‌ گه‌یاندن و پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌ خه‌ڵك، ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م و سوپاسیان ده‌كه‌م.

لە كۆبوونه‌وه‌مان له‌ گه‌ڵ به‌رپرسان له‌ پارێزگای هه‌ولێر بۆیان باسكردم كه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان، گرتنی ڕێڕه‌وی ئاو بووه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌و ساڵانه‌ی رابردوو، له‌وانه‌یه‌ وه‌كو پێویست به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازیاری، ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ نه‌كرابێت كه‌ رێڕه‌وی ئاو نه‌گیرێت، له‌كاتی گیرانی رێڕه‌وی ئاوه‌كه‌ش، ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ڕووداو و كاره‌ساتانه‌‌ی لێبكه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان ڕاسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و بزانن كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان چین و له‌ كوێ كێشه‌ هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌ستدرێژی كردووه‌ته‌ سه‌ر رێڕه‌وی ئاو، یان به‌شێوه‌یه‌ك پڕۆژه‌كانیان جێبه‌جێكردووه‌ كه‌ مه‌ترسی ڕووداوی له‌مجۆره‌ی لێكراوه‌، ده‌بێت ئه‌و شتانه‌ هه‌مووی ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌یان بكه‌ن.

له‌ هه‌مانكاتدا هه‌ندێك كه‌ند هه‌بووه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ پاشماوه‌ی تێكرابێت، یان ڕێگه‌كه‌ی لێگیرابێت، ئه‌مه‌ دوو حاڵه‌ته‌، یه‌كێكیان بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئێستا پێویسته‌ لەم ڕۆژانە چی بكرێت ، بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ كاره‌ساتانه‌، به‌شێكی دیكه‌یش ئه‌وه‌یه‌ له‌ رووی درێژخایه‌نه‌وه‌ چۆن رێگری بكه‌ین له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ ڕووداوانه‌ له‌ داهاتوودا، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ دیراسه‌یه‌كی ورد و ئه‌ندازیاری و زانستییانه‌ هه‌یه‌، كه‌ دواتر بێگومان به‌ وردی له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارمان ڕاسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ له‌به‌رچاو بگرن. لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كه‌ین، بزانین ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كان هه‌ر چی بووبن، ئه‌وه‌ی سرووشتییه‌ هیچمان پێ ناكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی ئێمه‌ بێت، بێگومان ئێمه‌ له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین و ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌یكه‌ین.

ئێمه‌ هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌شمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بن له‌كاتی پێویستدا، له‌ خزمه‌تی ئه‌و لیژنه‌یه‌دا بن و هاوكاری خه‌ڵكه‌كه‌ بكه‌ن.

لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم، لیژنه‌یه‌كمان ڕاسپاردووه‌ بۆ خه‌مڵاندنی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌وتوون، هیوادارم ئه‌وانیش بتوانن به‌ زوویی كاره‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێك له‌ده‌ستمان بێت هاوكاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ زیانلێكه‌وتووانه‌ بكه‌ین.

من لێره‌دا، داوا له‌ هه‌موو پارێزگا و شار و شارۆچكه‌كان و هه‌موو به‌رێوه‌به‌ر و به‌رپرس و فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تیش ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت له‌ شاره‌كانی دیكه‌ و هه‌ولێریش، وه‌ك دیاره‌ شه‌پۆلی بارانبارین بۆ ماوه‌یه‌ك درێژه‌ی دەبێت، ئاماده‌كاری بكه‌ن و هاوكاری خه‌ڵك بكه‌ن و له‌ ئێستاوه‌ خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن خوانه‌خواسته‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ گه‌وره‌تر بێت.

من جارێكی دیكه‌، سوپاسی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی هه‌ولێر ده‌كه‌م كه‌ ئه‌وانیش به‌ قه‌د توانای خۆیان هاوكاری هاووڵاتی و هاوشارییەکانی خۆیان كردووه‌، هیوادارم هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بوه‌ستین له‌كاتی وا ناخۆش، چونكه‌ هه‌موومان پێویستیمان به‌ یه‌كتره‌، چۆن له‌ خۆشیدا له‌گه‌ڵ یه‌كترین، ده‌بێت له‌ ناخۆشیشدا ئێمه‌ پشتیوان و هاوكاری یه‌كتر بین. ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندایه‌ و پێمان بكرێت وه‌كو حكومه‌ت، درێغی ناكه‌ین و هاوكاری هه‌موو لایه‌ك ده‌بین و ئينشاءالله، جارێكی دیكه‌ خوا له‌ هه‌موو قوربانیان خۆشبێت و سه‌بر و ئارامیش به‌ كه‌سوكاره‌كانیان ببه‌خشێت.. زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.

پاشان سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی شارۆچکەی قوشتەپەی نزیک هەولێری کرد و لە نزیکەوە شوێنی لافاوەکە و خەڵکە زیانلێکەوتووەکانی بەسەرکردەوە.