سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانیی ( تقدم) دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 7ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانیی ( تقدم) و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و شەڕی تیرۆر و هێرشەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش، تاووتوێ کرا و جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرایەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی لەیەکتێگەیشتنە سیاسییەکان لە قۆناغی داهاتوو و کارکردن بە ئاراستەی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق لە ڕێگەی بەشداريی کارای هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە کرا، لە پێناو دابینکردنی سەقامگیریی و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە سەر بنەمای دەستوور.