سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/14 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا، بەتایبەتی جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا، کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکرێن و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال کرایەوە کە دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە.