Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئۆله دیل و برونۆ ئوبێرت باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و فەرەنسا تاووتوێ کرا.

باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکانیان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ئاماژەیان بەوەدا، کە دەرفەتێکی باش هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانیان لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی هەردوو وڵات بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا ، تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و جەختی لەوە کردەوە، کە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور، لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدایە.

گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.