سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/21 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میشێل رێنتینار باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە هانز ئاکەربووم کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر ئامادە بوو ، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، جەختیشی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردن و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی هۆڵەندای کرد و تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەت بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پەرەپێدانی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ کە دەرفەتێکی باش هەیە هەرێمی کوردستان سوود لە توانا و شارەزایی و ئەزموونی دەوڵەمەندی هۆلەندا وەربگرێت.
گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و گەڕانەوەی ئارامیی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.