سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/1/28 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بەشداربوو، بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە، سەرۆکی نوێ و بەڕێوەبەرایێتی نوێی ئەمەریکا، شارەزا و ئاگاداری بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانن و ئامادەین بۆ کارکردن و هەماهەنگیکردن بۆ بەهێزترکردن و برەودان بە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئەمەریکا لە هەموو بوارەکاندا.
ڕێڕەوی دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و لێکەوتەکانی و کێشە ئابووری و سیاسییەکانیان، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.