Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم کۆدەبێتەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ پێنجشەممە 3 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە گەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدرالی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی دانوستانی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدرالی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدرالی 2021 کرا و ئەنجامی سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی دانوستانکار بۆ بەغدا خرایەڕوو.


شاندی دانوستانکار دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان خستەڕوو تایبەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجە لە بواری نەوت و داهاتی نانەوتی، کە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە کرا و ئاماژەش درا بە ڕێککەوتنی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدرالی و هەرێم کە ڕێککەوتوون لەسەر میکانیزمی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کە لە یاسای بودجە بۆیان دیاری کراوە بە پێی تایبەتمەندییان، بەم شێوەیە ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێتەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج نەکات کە لە یاسای بودجە و خشتە هاوپێچەکانی ئاماژەی پێدراوە.


لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی تر جەخت کرایەوە کە هەرێم پابەندە بە یاسای بودجە ولەبەرامبەریشدا، پێویستە حکومەتی فیدرالی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم خەرج بکات .