سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات
سەرۆکی حکومەت:
• حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازادی کاری ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە کاری خۆیان ئەنجام بدەن.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکییەکانی سەندیکاکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە وەدا، کە لە هەرێمی کوردستان، ئازادی ڕاگەیاندن هەیە، بەڵام کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، لە ڕووی یاسایی و پیشەییەوە، پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پشێوییە بکرێت کە لە بواری ڕاگەیاندن هەیە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە پشتیوانی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان و کاری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمدا و ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ڕۆژنامەنووسان کرد، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاوکاریکردنی حکومەت لە دەستنیشانکردنی گرفت و کێشە و سەرپێچییەکان، بەمەبەستی نەهێشتنیان و چاککردن و باشترکردنی ئەزموونی حوکمڕانیی لە کوردستاندا. گوتیشی ئازادی ڕادەربڕین بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەمینەی ئازادی ڕادەربڕینی بۆ ڕاگەیاندنکاران دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. گوتیشی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، نابێ ڕێگە بدەن پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت.
سەرۆکی حكومەت دڵنیاییدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازاديی کاری ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە و دوور لە هەر ئەجێندایەکی ناپیشەییانە، کاری خۆیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان بێت.