پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی (33)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە
• مەسرور بارزانی : لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەی وەزارەتەکان ، ڕەزامەندیمان لە سەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە دا. هیوادارم لە داهاتوودا، بتوانین خزمەتێکی شایستەتری هەڵەبجە و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان بکەین.
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لە سی و سێیەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری ، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم تاوانە گەورەیەی ڕژێمی بەعس دەکەینەوە کە بە چەکی قەدەغەکراو ، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی شەهید کرد و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تا ئێستاش، بە دەست ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن .
هەڵەبجە بووەتە ناسنامە و سیمبوڵی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە جیهاندا، بۆیە پێویستە هەمیشە یادی شەهید و قوربانییانی ئەم تاوانە، زیندوو ڕابگرین و هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ئەم تاوانە مەزنە بکاتەوە و کاربکەین بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و هەر گەل و نەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکە لە جیهاندا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هەمیشە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، بە ئەرکێکی لە پێشینەی خۆی دەزانێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەی وەزارەتەکان ، ڕەزامەندیمان لە سەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە دا. هیوادارم لە داهاتوودا، بتوانین خزمەتێکی شایستەتری هەڵەبجە و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان بکەین.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم و هەمیشە لە یادمانن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان