سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق دەکات
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڤێسا هاککینن باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی فینلەندا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021 تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی فینلاند، وێراى دووپاتکردنەوى سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنى داعش، بەردەوامیى پشتیوانیی فینلەنداشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە .
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی فینلەندای لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، زیاتر گەشە بسەنێت و فراوانتر ببێت، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا .هەڵبژادنەکانی داهاتووی عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە دەڤەرەکە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.