پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - لە یادی( 30 ) ساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ئاداری 1991ی گەلی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان ،کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو. ڕاپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لەشۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو، کە پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن وپێکهاتەكان، بە یەکڕيزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەيان پێ بدەین.
با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتيوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان