Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : پێویسته‌ ده‌ستووری ئێمه‌ به‌ باشترین شێوه‌ نوێنه‌رایه‌تی ویست و خواستی خه‌ڵكی كوردستان بكات

• داوا ده‌كه‌ین هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تن، پاڵپشت و هاوكار بن بۆ ئه‌و چوارچێوه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانن، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش بكه‌ین، هه‌ڵه‌كانمان چاك بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاكه‌شمان كرد، ده‌ستخۆشیمان لێبكه‌ن.


هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/5/19 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانکۆی کوردستان -هەولێر کرد بە ناونیشانی ( یەکڕیزی و دەستوور). لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
به‌ڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز رێواز خان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
به‌ڕێز جه‌نین خان، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
به‌ڕێزان نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پیاوانی ئایینی و به‌ڕێزانی ئاماده‌بوو له‌م كۆنفرانسه‌
خۆم زۆر بە خۆشحاڵ ده‌زانم كه‌ ئەم ده‌رفه‌تە رێكخرا، به‌شداری له‌م كۆنفرانسه‌ بكه‌ین، كه‌ باس له‌ یه‌كڕیزی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. یه‌كڕیزی وشه‌ و دروشمێكی جوانه‌، بەڵام پێش ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی دروست بكه‌ین، پێویسته‌ ئێمه‌ ئامانجی خۆمان یه‌ك بخه‌ین، ئێمه‌ یه‌كڕیز بین بۆ گه‌یشتن به‌ قۆناغێك كه‌ ئه‌و قۆناغه‌ بۆ هه‌موومان وه‌كو یه‌ك وابێت، ناكرێت داوای یه‌كڕیزی بكه‌ین و به‌ره‌و دوو ئاڕاسته‌ی جیاواز جووڵه‌ بكه‌ین، ناكرێت ئێمه‌ له‌ناو یەک پاپۆڕدا بین بەڵام دوا قۆناغ و ئامانجمان یه‌ك نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی وه‌كو وشه‌ یان وه‌كو دروشم به‌كاربێت، پێویسته‌ ئێمه‌ باس له‌ دوا قۆناغی خۆمان بكه‌ین، كه‌ بۆچی یه‌كڕیز ده‌بین، ئه‌نجام و ئامانجی ئێمه‌ له‌و یه‌كڕیزییه‌ چییه‌ و ده‌مانه‌وێ چی بكه‌ین.
بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌روا دروست نابێت، ئه‌گه‌ر گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كرێت، له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتربكه‌ن، به‌ مێشكێكی فراوانه‌وه‌ ئاماده‌بن گوێ له‌ یه‌كتربگرین و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ مه‌به‌ستی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌، ئێمه‌ بتوانین له‌سه‌ری رێكبكه‌وین و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌ هه‌نگاو بنێین، به‌وه‌ ده‌توانین یه‌كڕیزی خۆمان بپارێزین و به‌ ده‌ستنیشانكردنی ئامانجی هاوبه‌ش، ده‌توانین یه‌كڕیزی خۆمان رێكبخه‌ین و به‌یه‌كه‌وه ‌به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌ هه‌نگاو بنێین.
ئێمه‌ نموونه‌ی زۆرمان هه‌یه،‌ له‌و كاتانه‌ی یه‌كڕیز بووین، ده‌ستكه‌وته‌كانمان چی بوون، له‌سه‌ره‌تای راپه‌ڕینی 1991 هه‌موومان بینیمان كه‌ به‌ یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌ستكه‌وته‌كانمان چی بوون، ئێمه‌ توانیمان قەوارەیەک دابمه‌زرێنین، كه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ ئه‌نجامی خه‌بات و ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین و بووینه‌ته‌ خاوه‌نی حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش.
له‌ دوا قۆناغدا بینیمان له‌ هه‌نگاوی هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌ پەسەندکردنی یاسای بودجه‌ی عێراقی ئه‌مساڵ، كه‌ چۆن به‌یه‌كڕیزی توانیمان ئه‌و ئامانجه‌ش بهێنینەدی.
شتێكی زۆر ئاساییه‌ ئێمه‌ بۆچوونی جیاوازمان هه‌بێت و وه‌كو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بیركردنه‌وه‌ی جیاوازمان هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ندێك سنوور و چوارچێوه‌ هه‌بێت، كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار بكه‌ین و به‌یه‌كه‌وه‌مان ببه‌ستێته‌وه‌، ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ش ده‌كرێت له‌ ده‌ستووردا ده‌ستنیشان بكرێت. کە چین ئه‌و شتانه‌ی نابێت هیچ یه‌كێك له‌ ئێمه‌ لێی لابدات، یان چین ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه‌ كاری بۆ بكه‌ین، ناكرێت یه‌كێك داوای سه‌ربه‌خۆیی بكات و یه‌كێك داوای شتێكی دیكه‌ بكات. ده‌بێت هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ داوای یه‌ك ئامانجی دیاریكراو بكه‌ین. ئه‌و كاته‌ ده‌توانین ئه‌و كێشه‌ و گیروگرفتانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌نێوانمان به‌لایانه‌وه‌ بنێین و به‌ یه‌كه‌وه‌ بگه‌ینه‌ بڕوایه‌كی هاوبه‌ش، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئیش بكه‌ین.
پێموایه‌ ئێمه ده‌توانین‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ له‌ ده‌ستووردا پێناسه‌ بكه‌ین و دیاری بكه‌ین، ده‌ستوور بۆ دوو شت زۆر گرنگە، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ بدات، كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی خۆیان ده‌كه‌ن، نوێنه‌رایه‌تی هاونیشتمانیان ده‌كه‌ن، پێویسته‌ ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی دروست نوێنه‌رایه‌تی بیروبۆچوونی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، ئه‌مه‌ یه‌ك، دوو؛ ئه‌و هێز و لایەنەی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست پێویسته‌ به‌رپرس بێت به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی خۆی، له‌ ده‌ستووردا ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و شتانه‌ دروست بكه‌ین.
ئێمه‌ ده‌توانین ده‌ستوورێك دابڕێژین، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بێت، ره‌نگدانه‌وه‌ی ویست و خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بێت، ئێمه‌ شانازی ده‌كه‌ین به‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌كان له‌ كوردستان، به‌ سه‌دان ساڵ به‌ یه‌كه‌وه‌ ژیاوین، ده‌بێت ده‌ستووری كوردستان ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌بێت، ره‌نگدانه‌وه‌ی رێزگرتن له‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌كان بێت، ده‌بێت ده‌ستوور مافی تاك به‌ تاكی هاووڵاتیانی كوردستان بپارێزێت، هه‌ر یه‌كێك به‌ ته‌نیا ناتوانێت ئه‌و فشاره‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكات، خه‌ڵكی كوردستان به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌توانن ئه‌و فشاره‌ دروست بكه‌ن، ئه‌وه‌ش بێگومان له‌ ده‌ستووردا ده‌توانێت ره‌نگ بداته‌وه‌.
ئێمه‌ پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ ده‌ستووری ئێمه‌ به‌ باشترین شێوه‌ نوێنه‌رایه‌تی ویست و خواستی خه‌ڵكی كوردستان بكات، نه‌ك ته‌نیا له‌ ناوخۆی كوردستان، به‌ڵكو له‌ عێراق و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و له‌ دونیاشدا.
كوردستان وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ مێژوو و خه‌بات و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی خۆی، پێویسته‌ ده‌ستوور ئه‌مه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئێمه‌ ناتوانین ته‌نیا بۆچوونی لایه‌نێك بكه‌ین به‌ بنه‌مای ده‌ستوورێك، كه‌ پێویسته‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بكات، بۆچوونه‌كان پێویسته‌ له‌ یه‌كتر نزیك بكرێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نزیكیش نه‌بن، وه‌كو باسمكرد به‌ یه‌كخستنی ئامانجی خۆمان له‌ داهاتوو ده‌كرێت ئه‌و بۆچوونانه‌ش له‌ یه‌كتر نزیك بكرێنه‌وه‌ و ئه‌و ده‌ستووره‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دروست بكرێت.
ئێمه‌ ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت وەک حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شێكی وا بێته‌ ئاراوه‌، خه‌ڵك بتوانێت به‌ ئازادی ده‌نگی خۆی بدات، خه‌ڵك بتوانێت به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ژێر هیچ فشارێك بێت، ده‌نگ به‌ ده‌ستوورێك بدات، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ویست و خواستی خۆی و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ش ناكرێت جیابكرێته‌وه‌ له‌وه‌ی حه‌قیقه‌تێك به‌بیرخۆمان بهێنینه‌وه‌، کە پێویسته‌ رێز له‌ مافی هه‌موو تاكێكی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان بگرین، رێز له‌ ئازادییه‌كان بگرین، ئازادی راده‌ربڕین و ئازادی خواپه‌رستیی و ئازادی بیروبۆچوونی سیاسیی‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت ئازادی و به‌ڕه‌ڵایی جیا نه‌كه‌ینه‌وه‌.
ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان پارێزراو بێت، ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندابێت بیكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك هه‌ست به‌ ئازادی و سه‌لامه‌تی خۆی بكات، ده‌بێت ئه‌و شتانه‌ له‌ یه‌كتر جیابكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین به‌ یه‌كه‌وه‌ كار بۆ ئه‌و ئامانجه‌ یه‌كگرتووه‌ بكه‌ین، كه‌ باسمكرد، ئه‌وه‌ش بێگومان به‌ گفتوگۆ ده‌كرێت، به‌ له‌یه‌كدابڕاندن و دووركه‌وتنه‌وه‌، ناتوانین مێشكی یه‌كتر بخوێنینه‌وه‌، ده‌بێت له‌ یه‌كتر نزیك بین، بزانین هه‌ر لایه‌كمان چیمان ده‌وێت و چی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كوردستاندایه‌ ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ ئامانجی سه‌ره‌كی خۆمان.
ئه‌م حكومه‌ته‌ دەبێ حكومه‌تی هاووڵاتی بێت، حكومه‌تی گه‌یاندنی خزمه‌ت بێت بۆ هه‌موو تاكێكی كورد، به‌ جیاوازی بیروبۆچوونیانەوە، ئێمه‌ حكومه‌تێك نین ته‌نیا هی ئه‌و لایه‌نانه‌ بێت، كه‌ به‌شدارن له‌ حكومه‌ت، حكومه‌تێكین بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و خزمه‌ت بگه‌یه‌نێت به‌ هه‌موو تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ به‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیشدان، حكومه‌ت بتوانێت له‌ خزمه‌ت ئه‌وانیشدا بێت.
ئێمه‌ داوامان كردووه‌، له‌ناو حكومه‌تدا لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كان یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێست بن بۆ باشتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵك، دووباره‌ش داوا ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تن، پاڵپشت و هاوكار بن بۆ ئه‌و چوارچێوه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانن، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش بكه‌ین، هه‌ڵه‌كانمان چاك بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاكه‌شمان كرد، ده‌ستخۆشیمان لێبكه‌ن.
هیوادارم ئێمه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بتوانین پێ بهاوێژینه‌ قۆناغێكی تر و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر كاربكه‌ین و ئامانجی ئێمه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك و نیشتمانه‌كه‌ی خۆمان بێت.
جارێكی دیكه‌ سوپاستان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م.