سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی تلفریكی چیای زاوای گه‌شتیاری له دهۆك ده‌كاته‌وه
مه‌سرور بارزانی له گوتاری كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌دا:
- حکومەتی عێراق یازدە مانگە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
- كارنامه‌ی كاره‌كانمان دوو ئامانج له‌خۆده‌گرێت، یه‌كه‌میان چاكسازییه و دووه‌میان هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتە.
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD) -سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی ئه‌مڕۆ یەك شەممە 9ـی ئایاری 2021، پڕۆژه‌ی تلفریكی چیای زاوای گه‌شتیاریی له شاری دهۆك كرده‌وه.
سه‌رۆكی حكومه‌ت له گوتارێكدا له په‌راوێزی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه دا رایگه‌یاند: تلفریكی چیای زاوا ته‌نیا خزمه‌ت به خه‌ڵكی دهۆك ناكات، به‌ڵكو سوودی بۆ ته‌واوی هاووڵاتییانی كوردستان و گه‌شتییاران به گشتی ده‌بێت.
دووپاتیشی كرده‌وه كه كارنامه‌ی حكومه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر دوو ئامانج ده‌كاته‌وه، یه‌كه‌میان چاكسازییه و دووه‌میان هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتە ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌ش كرد كه بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری و كشتوكاڵی و پیشه‌سازی بۆ زیاتركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات دراون، بۆ ئه‌وه‌ی تەنیا پشت به یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات نه‌به‌سترێت.
سه‌رۆكی حكومه‌ت رۆڵی كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌تی له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كاندا له‌پاڵ حكومه‌تدا به‌رز نرخاند، داواشی كرد كه زیاتر به‌شداری له پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت بكه‌ن به‌ئامانجی بەهێزکردنی كه‌رتی تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستاندا، گه‌شبینی خۆشی نیشاندا كه داهاتوویه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕوانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
سەرۆکی حکومەت گووتی: به‌رنامه‌ی چاكسازیمان جێبه‌جێكردووه و پشت به‌خودا و پشتیوانی هاووڵاتییان به‌رده‌وام ده‌بین لە سەر چاکسازی سەرەڕای بوونی ئاسته‌نگه‌كان کە ئامانجیان په‌كخستنی چاكسازییه ، جه‌ختیشی كرده‌وه كه كه‌س ناتوانێت رێگه‌مان بگرێت له جێبه‌جێكردنی چاكسازی ڕاسته‌قینه‌دا، روونیشی كردوه‌وه كه هه‌رێمی كوردستان ساڵێكی سه‌ختی تێپه‌ڕكردووه، به‌تایبه‌تیش دوای ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، كه ئه‌مه‌ش كێشه‌ی ئابووری لێكهوتهوه و كاریگه‌ری نه‌رێنی له دۆخی ئابووری و ژیانی هاووڵاتییان كرد.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به دۆسیه‌ی شایسته داراییه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی تائێستا نه‌گه‌یشتووه و روونیشی كرده‌وه كه ماوه‌ی یازده مانگه حكومه‌تی عێراق به‌شی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه، به‌ڵام ئێمه به‌رده‌وامین له‌جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان و ناوه‌ستین و پڕۆژه‌ی دیكه‌ی ستراتیژی له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.
سه‌رۆكی حكومه‌ت گەشبینی خۆشی به باشبوونی دۆخی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان به پشتگیری هاووڵاتییان و پاڵپشتیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت نیشاندا و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه ئاسایش و سه‌قامگیری سیاسی دوو شتی گرنگن و ده‌بێت پارێزگاری له ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، و هه‌موو هه‌وڵێكیشمان له‌م پێناوه‌دا ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ.
پڕۆژه‌ی تلفریكی چیای زاوای گه‌شتیاری له دهۆك یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین پڕۆژه گەشتیارییەکان، كه به‌رزییه‌كه‌ی ده‌گاته 500 مه‌تر و درێژیه‌كه‌شی 2300 مه‌تر ده‌بێت، و تێچووی پڕۆژه‌كه‌ش گه‌یشتووه‌ته 30 ملیۆن دۆلار.
چیای زاوا له دهۆك یه‌كێك له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی دهۆک و به درێژایی ساڵ خاوه‌ن سروشتێكی جوانه و بووه‌ته ڕووگه‌یه‌كی گرنگ بۆ هاووڵاتییان و گه‌شتییاران.